ناوەندی هەواڵەکان – بە بۆنەی ساڵڕۆژی لە سێدارە دانی پێشوای نەمر قازی موحەممەد، ئاژانسەکەمان نووچە جوان لە گەڵ گەریلای ئازادی کوردستان، سمکۆ دیجلە وتووێژی کرد.
سمکۆ دجلە سەرەتا لە سەر کەسایەتی قازی موحەممەد، سەدری قازی و سەیفی قازی کوو بە ڕۆحێکی فیدایی چوونە ژێر پەتی سێدارە قسەی کرد و وەهای گوت:
سەرەتا لە شەخسی پێشەوا قازی موحەمەد ، سەدری قازی و سەیفی قازی کە بە شکۆوە بۆ مافە ڕەواکانی گەلەکەمان چوونە بەر داری سێدارە وە لە لایەن دەسەڵاتی پەهلەویەوە بە شێوازێکی زۆر دڕندانە لە سيدارەدران وە بیر دێنێنەوە، سەری کڕنۆشیان بۆ نێوی دەکەین و پەیمانی خۆمانیان لە گەڵ نوي دەکەینەوە. بە درێژای مێژوی ئازادیخوازی گەلەکەمان دەیان و سەدان سەرهەڵدان و تێکۆشان بێ پسانەوە لە پێناو ئازادی دا لە ئارا دا بوون و مۆرکی خۆیان لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان داوە. بەڵام ئەوەی لە کۆماری کوردستان دا بە پێشەنگایەتی پێشەوا قازی موحەمەدی نەمر پێش کەوت لاپەڕەیەکی نوي بوو لە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا.
ڕێگا و ڕێبازی قازی موحەمەد جیاوازی لە گەڵ ڕێبەر و پێشاهەنگە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی بەرێ چی بوو ؟
بێگومان کۆماری کوردستان خاوەنی خاڵگەلێک بوو کە ئەو سەرهەڵدانەی لە سەرهەڵدانەکانی پێشوتر جیا دەکاتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کەسایەتی نەمر پێشەوا قازی کە پێشەنگایەتی ئەو شۆرشەی دەکرد. لەو تەمەنە کورتەی کۆمار دا دەستکەوتی زۆر مەزن بۆ گەلەکەمان دەستەبەر کراون کە تاکو ئەمڕۆش بۆ بزوتنەوەی ازادیخوازی گەلەکەمان وەک نەقشە رێی تێکۆشانن. کەسایەتی پێشەوا و کۆماری کوردستان لەو کۆمەڵگا چەقبەستو و نەریتیەی ئەو کات قەڵەمبازێک بوو کە دەرگای گەشەکردنی هزری، کۆمەڵایەتی و سیاسی بەرەو ڕوی کوردستان دا کردەوە، وە هەتاکو ئەمڕۆش کاریگەری لەسەر بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان هەیە. لە هەمان کات دا کۆمەڵێک تەجروبە و ئازمونی هەڵەی تێدا بوون کە ئێمە وەک نەوەی نوێی شۆڕشی کوردستان دەبێ بە پەندیان وەربگرین و لە دوبارە کردنەوەیان خۆ بپارێزین. بێگومان درێژەدانی ڕێگای پێشەوا قازی وشەهیدانمان بە واتای دوبارەکردنەوەی کێشە و گرفت و لاوازیەکان نیە بەڵکو بە گەیشتن بە ئاوات و آرمانجەکانیان دەتوانین خاوەنداریان لێ بکەین و درێژەدەری ڕێگایان بین.
جیاوازی دەرکەوتنی کۆماری کوردستان لە گەڵ ئەزموونەکانی دیکەی مێژووی گەلی کورد و کوردستان چی بوو ؟
سەبارەت بە دەرکەوتنی کۆماری کوردستان لە هەل و مەرجی ئەو کاتی کوردستان و جیهان دا، وە هەروەها فاکتەرە ناوخۆی و دەرەکیەکانی ئەو کات پرس و ڕا و گوفتوگۆی زۆر لەسەر کراوە و ڕۆژانەش لە سەری دەکرێت. لێرە دا دەمهەوێت تەنیا باس لە چەند خاڵی ئەساسی بکەم کە پێشەوای نەمر لە کەسایەتی خۆی دا چاندبووی و جەوانانی شۆڕشگێری گەلەکەمان تا ڕۆژی ئەمڕۆش درێژەدەری ئەو ڕێیەن. لە وانە روح و هزری نەتەوی و گوزەر لە عەشیرەتگەرای، شارگەرای و پارچەگەراییە. راستە کە کۆماری کوردستان لەو تەمەنە کورتە دا لە بواری مەیدانی دا تەنیا توانی بەسەر بەشێک لە ناوچەی موکریان داحوکمڕانی بکات. بەلام روحێکی کوردستانی هەبوو وە بە بەشداری کردنی کەسایەتیە سیاسیەکانی پارچەکانی دیکە لە بەدەنەی کۆمار دا روحی کوردستانی بوون پێش دەکەوێت ولە کۆماری کوردستان دا کەس بە چاوی میوان نەبیندراوە. پێشەوا قازی بە پێکهێنانی کۆماری کوردستان ئەو یەکیەتی نەتەویەی کە هەتا ئەمڕۆش بۆ گەلی کورد بۆتە خەونو خەیاڵێکی وەدی نەهاتوو بە کرداری پێکێ هێناوە.بە پێچەوانەی ئەو حیزب و سەرکردانەی کە ئەمڕۆ یەکتر لە خاکی کوردستان دا بە میوان دەبینن پێشەوای نەمر قەدەر و چارەنوسی پارچەکانی کوردستانی لە یەکترجودا نەبینیوەو بە روحی کوردستانی بوون سنورە داگیر کەرەکانی شکاندوە. ئەو جەوانانەی کە ئەمرۆ دوای ٧٧ساڵ بە بیر و هزری ڕێبەر ئاپۆ بێ دو دڵی و بێ جیاوازی لە هەر شوێنێکی خاکی کوردستان ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان پێک دێنن هەڵگری ئەو فکرەن کە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێشەوا قازی موحەمەد لە مەهاباد پێشی خستبو.
قسە و نەسیحەتەکانی قازی موحەممەد بەر لەوەی لە سێدارە بدرێت بۆ جەوانان چی بوو ؟ گرینگی ئەو قسانە لە ڕۆژی ئەمڕۆدا چنە ؟
تەجروبە و ئەزموونی کۆماری کوردستان بۆ ئێمە جەوانانی کورد چەند خاڵی ئەساسی تێدان کە دەبێ لە تێکۆشانی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان دا بۆ هەمیشە لە بەر چاومان بێت.
خاڵی هەرێ گرینگ ئەوەیە کە پشت بە هيزی زاتی و جەوهەری خۆمان ببەستین و چاوەڕوانی هێزێکی دەرەکی نەبین کە بێت و ڕزگارمان بکات، شۆڕش بەرهەمی رێکخستن وئامادە کردنی کۆمەڵگایە. هەر شۆڕشيکی کە لە ئەنجامی دەستەبەر بونی شەرت و مەرجی دەرەکی دا پێشکەوتبێت و لەو رەوشە دا مابێتەوە بە لە ناو چونی دەرفەت ئەو شۆڕشەش مەحکومە بە لەناوچوون. ئێمە جەوانانی کورد پێویستە ببین بە رزگارکەری خۆمان و ئەوەش هەلبژاردن نیە بەڵکوو مەجبوریەتە. نە ئامریکا و نە هیچ وەڵاتێکی تر نەبوە و نابێت بە ڕزگارکەری ئێمە، ئەو مژارەش لە شۆڕشی ژن دا بە ڕونی لە بەر چاو بوو. بینیمان لە کاتێک دا کە ڕژیمی داگیرکەری ئێران دەستی داوەتە سەرکوت و کوشت و بڕین ئامریکا و وەڵاتانی ڕۆژئاوای دەستیان کردوە بە ئیمتیازگیری و لە سەر خوێنی ئازادیخوازان بازرگانی دەکەن. با هەر کەس بزانێت کە ڕێگای ڕزگاری گەلەکەمان بە تالار و کۆشک و سەرای وەڵاتانی دەرەوە دا دەرباز نابێت. بەڵکو ڕێگای ڕزگاری لە ناو گەلەکەمان دایە و پێویستە سەرکردە سیاسیەکانی کورد ڕوی خۆیان بکەنەوە ناو گەل. ئەزموونی کۆماری کوردستان و پێشەوا قازی موحەمەد پێمان دەڵێت کە کە پشت بەستن و هیوا بە هێزە دەرەکیەکان ئێمە بەرەو سەرکەوتن نابات. بەڵام جێگای سەرسوڕمانە کە دوای ئەو هەموو ئەزموونە ترش و تاڵانە ئێستاش کەسانێک هەن کە لە دەرگای کۆشک و تەلاران دا بە دوای ئازادی گەلەکەمان دا دەگەڕێن و لە سەر ناوی سیاسەت دەست بە سینەی شاهی شاهانن.
نەوەکانی قازی موحەممەد ئەمڕۆ لە سەر ڕێگای پێشەوا هەنگاوی بەرز و گرینگ هەڵدەگرن، لە بەرامبەر، زۆڵم و زۆرداری، ئەشکەنجە و سێدارە چۆک دانانن و تەسلیم نابن. هەروەها بەرخۆدانی بێوێنە لە خۆیان پیشان دەدەن، بە ڕای ئێوە درێژە دان بە ڕێگای قازی موحەممەد و تۆڵە سەندنەوەی ڕۆژی ئەمڕۆ چۆن دەبێت و چەندە گرینگە ؟
ئەو وتەی مامۆستا هێمن کە دەڵێت من بەش بەحاڵی خۆم لەو بڕوایە دام کە ئەگەر دەستەوکەری کرابا مێژوی کۆماری کوردستان بەو جۆرە کۆتای نەدەهات کە هات، گوزارە لە نەبونی هێزێکی تۆکمەو فەدای بۆ پاراستنی کۆمار دەکات. ئەو کەسانەی کە سۆزی پاراستنی گەل و کۆماریشیان داوە بە بي ئەوەی کە پاراستن بکەن پشتی پێشەوا قازی موحەمەدیان خاڵی کردوە و هەڵاتنیان وەک تاکتیک بەکار هيناوە. تاکتیکێکی کە هەتاکو رۆژی ئەمڕۆش وەک نەریتێک بەکاری دێنن. ئەو وتەی مامۆستا هێمن گرینگی هەبوونی هێزی پاراستنمان بۆ ڕونتر دەکاتەوە. هەر شۆڕشێک پێویستی بە هێزی پاراستنە هێزێکی فەدای، لێهاتوو ئیدیۆلۆژیک کە لە هەر کات و سات و شوێنێک بۆ پاراستنی گەلەکەمان ئامادە بێت.ئەرکی پێکهێنانی ئەرتەشی پاراستنی کوردستان لە سەر شانی جەوانانە ئەو ئەڕتەشە ئەمڕۆ لە سەر چیا ئازادەکانی کوردستان بۆ پاراستنی گەل تێکۆشان دەکات بۆ ئەوەی کە ئەزموونی کۆماری کوردستان جارێکی دی دوبارە نەبێتەوە دەبي هەموو جەوانانی کورد ئەرکی بەشدار بون بە ریزەکانی تێکۆشان و گەورە کردنەوەی ئەڕتەشی ئازادی کوردستان بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزانن. دەبێ ئەوە بزانین کە هەر شۆڕش و گەلێک کە توانایی خۆ پاراستنی نەبێت مەحکومە بە لەناوچون، پێویستە هەموو جەوانانی کورد پاراستنی نرخ و بەها پیرۆزەکانی گەل بە ئەرکی سەر شانیان بزانن، پەیوەست بون بە ڕیزەکانی گریلا ئەساس بگرن و هەمیشە بۆ پاراستنی نرخ و بەهای گەلەکەمان ئامادە بن.
لە کۆتایی وتووێژەکەمان دا ئەگەر بابەتێکی جیاواز هەبێت …. ؟
سیاسەتێکی کە لە پڕەنسیپ و ئەخلاق بێبەری بێت و ئیرادەی خۆ تەسلیمی بەر بە خەیانەت دەچێت هەر وەک ئەوەی کە ئەمڕۆ لە ناو بنەماڵەی بارزانی دا دەیبینین. جەوانانی کورد ئەمڕۆ ئاگاهن وە باش سیاسەت و خەیانەت لە یەک جوودا دەکەنەوە. تەسلیم کردنی ئیرادە و پشت بەستن بە هێزی دەرەکی بەرەو شکستت دەبات. ئێمە جەوانان دەبێ مێژو بە پەند بگرین و جارێکی دی ئەو ئەزمونە تاڵە دووبارە نەکەینەوە ڕێبەر ئاپۆ فێری کردین کە “لە بیر کردن خەیانەتە” ئێمەیش نە لەبیر دەکەین و نە دەبەخشین. ئێمە جەوانانی کورد باش دەزانین کە ئەو ئەقڵانیەتەی پێشەواو یارانی لە سيدارە دان کێن و ئێستاش لە کوێی موعادەلات دا جێ دەگرن. هەتا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی پێشەوا و هەمو شەهیدانی گەلەکەمان بۆ ساتێکیش دەست لە تێکۆشان بەر نادەین و بێ وچان لە بەرانبەر هەر جۆرە بیر و هزرێکی پاوانخواز و مەرکەزگەرا کە بە ساڵانە بە سەرکوت، زیندان و سێدارە بە سەر گەلەکەمان دا دێت ڕادەوەستین.
ن.ج// هێمن بێکەس