ناوەندی هەواڵەکان – پارتی کرێکارانی کوردستان –پەکەکە لە دامەزراندنییەوە دا ئەمڕۆ، هەمیشە لە دەستێکیدا چەکی پاراستنی ڕەوا و لەدەستەکەی دیکەی پرۆژەی ڕێگاچارەی پێبووە، بەرامبەر بە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لەم پێناوەشدا چەندین دەستپێشخەریی مێژوویی بۆ ئاشتی و ئاگریبەستی تاک لایەنەی ئەنجامداوە، بەڵام تورکیا بە هێرشی سەربازی و شەڕی داگیرکاریی کۆتایی بە هەموو ئەو هەوڵانە هێناوە.
زۆرجار هێز و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە بەیاننامە و لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکانیاندا، بۆ خۆ پەڕاندنەوە لە نیشاندانی هەڵوێست دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، ڕەخنە لە تێکۆشانی گەریلایی دەگرن و دەڵێن پێویستە کێشەکان بە دانوستان و ڕێگاچارەی ئاشتییانە چارەسەربکرێت، بەڵام کاتێك دێینە سەر ڕاستی بابەتەکە، دەبینین هەموو هەوڵەکانی پەکەکە بۆ چارەسەری ئاشتییانە بێ ئاکام و بێ ئەنجام ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی هێرش و داگیرکاریی بەردەوامی دەوڵەتی تورک و پێشێلکردنی هەموو بەندەکانی ئاشتی.
هەوڵەکانی پەکەکە بۆ چارەسەری دیموکراتیک چێ بوون؟
ڕێبەر ئۆجالان بۆ یەکەم جار لە ٢٠ی ٣ی ١٩٩٣ ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، کە هەوڵێک بوو بۆ چارەسەری پرسی کورد بەشێوەی ئاشتییانە لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، ئەم هەوڵەش بە نێوەندگیری جەلال تاڵەبانی، سکرتێری ئەوکاتەی یەنەکە سازدرا، ئەوکاتە تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆک وەزیران بوو، بەڵام بەهۆی مردنی گوماناوی تورگۆت ئۆزال، پرسی ئاشتی کۆتایی هات.
لە کانوونی دووەمی ١٩٩٥دا، پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی ٢٤ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ی تورکیا، پەکەکە بۆ جاری دووەم ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، ئەمەش بە مەبەستی پێدانی کات بوو بە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی ڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بخاتەڕوو، بەڵام لە مانگی ئایاری ١٩٩٦ بەهۆی هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنی رێبەر ئۆجالان، پەکەکە لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ کۆتایی پێهێنا.
لە ساڵی ١٩٩٨دا جارێکی دیکە پەکەکە ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام دەوڵەتی تورک لەبری چارەسەری پرسی کورد، لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٨بە سەرپەرشتی و هاوکاری ڕاستەوخۆی گلادیۆ ناتۆ، گەورەترین پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ئەنجامدا و بەمشێوەیە وەڵامی ئاگربەستە تاکلایەنەکەیان دایەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٩٩٩دا تەنها دوای شەش مانگ لە ڕفاندنی ڕێبەر ئۆجالان، ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵییەوە داوای چوونەدەرەوەی گەریلای کرد لە خاکی تورکیا بۆ ئەوەی زەمینە بۆ هاتنەکایەی ئاشتی بڕەخسێت، دوای مانگێک لەو پەیامەش ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند.
لە ساڵی ١٩٩٩وە تا ٢٠٠٤ ئاگربەست تاکلایەنە بوو، وێڕای پرۆسەی کشانەوەی گەریلاش، دەوڵەتی تورک زیار لە ٤٠٠ گەریلای لەو ماوەیەدا شەهید کرد و هەر کاتیک دەرفەتی بۆ بڕەخسایە هێرشی دەکردە سەر پەکەکە.
ساڵی ٢٠٠٦ڕێبەر ئۆجالان بە پارێزەرانیدا پەیامێک دەنێرێت بۆ سەبری ئۆک و پێی دەڵێت:”ئەگەر ٥٠٪ ئەگەری ئەنجامگرتنی پرۆسەی ئاشتیی هەبێت ئاگربەست ڕاگەیەنن، دواتر لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٦ موراد قەرەیلان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ئاگربەست ڕادەگەیەنێت.
دەبوو دوای ئاگربەست دیدارەکان بەفەرمیی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی “قەڵاچۆکردنی تیرۆر” و “فشار” و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەستیان پێبکردایە، بەڵام لە دیدارەکانی دواتردا ڕێبەر ئۆجالان بۆ دەرکەوتبوو، کە دەوڵەت هیچ پلانێکی بۆ چارەسەریی نییە و هەنگاوەکەی کەجەکەش بۆ ئاگربەست بە هەنگاوێکی بەپەلە دادەنێت، کە کۆمەک بە چارەسەری پرسی کورد ناکات.
دواجار بەهۆی “ژەهرخواردکردنی ڕێبەر ئۆجالانەوە” لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و هێرشە بەردەوامەکانی، جارێکی شەڕ و پێکدادان دەستیانپێکردەوە.
تا ساڵی ٢٠١١، دە گەڕی دانووستان لە نێوان تورکیا و پەکەکە لە ئۆسلۆ بەڕێوەچوون، پەکەکە لە هەموو دانووستانەکاندا جەخت لەسەر چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد دەکاتەوە، ئەمەش دیارترین قۆناغی ئاشتیی لە مێژووی پەکەکە و تورکیا لێ هاتە بەرهەم ساڵی ٢٠١٣ .
مەیدانی نەورۆزی ئەوساڵەی ئامەد دەبێتە وێستگەی ڕاگەیاندنی پەیامی ئاگربەست و دەستپێکردنی قۆناغی ئاشتیی لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پەکەکە، تورکیا و پەدەکە ڕێکدەکەون گەریلا لە باکوورەوە بەرەو باشووری کوردستان پاشەکشەی پێ بکرێت.
لە نیسانی هەمان ساڵ موراد قەرەیلان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا دەستپێکردنی کشانەوەی گەریلا و ڕادەگەیەنێت، بەڵام دوای ئەو پرۆسەیەش تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداریی بۆ چارەسەری پرسی کورد نەنا، ئاکامەکەی ئەو دەستپێشخەرییەش ئەوەبوو، کە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥ مێزەکەی ئاواژۆ کردەوە و شەڕی لە ناو شارەکانی باکووری کوردستان و چیاکانیش دەستپێکردەوە و تائەمڕۆش چەکەکان لەدژی کورد بێدەنگ نەبوون.
لە کۆتا دەستپێشخەری ئاشتیدا، جەمیل بایک هاوسەرۆكی گشتی کەجەکە لە ڕۆژى ١٠ی ئەم مانگەدا لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە، ئێمە بڕیارمانداوە، هەتا دەوڵەتى تورک هێرش نەکاتەسەرمان و بەسەرماندا نەدات، ئەوا هێزەکانمان هیچ پەرچەکردار و چالاکییەک ئەنجام نادەن و پێویستە هەموومان و سەرجەم هێزەکانمان پابەندی ئەم بڕیارە بن.
بەڵام بەپێچەوانەی ئەم هەڵوێستەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک وێڕای ئەو کارەساتە گەورە مرۆییەی کە بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەستپێشخەریی ئاشتیانەی کەجەکە، بەردەوامە لە هێرش و بۆردوومان و داگیرکارییەکانی لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
هەروەها هیچکام لە هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان، بەفەرمی هیچ هەڵوێست و پەیامێکیان دەرنەبڕیوە، بۆ پشتیوانیکردن لە دەستپێشخەری ئاشتییانەی کەجەکە و دژایەتیکردنی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک.