ناوەندی هەواڵەکان – ئەگەرچی هێزەكانی دەوڵەتی ئێران هەوڵێكی زۆریان دا، بە ڕێگەی زەبر و زەنگ و تۆقاندنەوە، ڕێگریی لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەلوچەكان لە زاهیدان بكەن، بەڵام نەیتوانی و هاوشێوەی ڕۆژانی هەینی پێنج مانگی ڕابردوو، چالاكی بەرفراوان دژی دەسەڵات بەڕێوەچوو.
دوێنێ هەینی، هەر لە سەرلەبەیانییەوە هێزەكانی سوپای پاسداران، دوای گەمارۆدانی مزگەوتی مەكیی شاری زاهیدانی ناوەندی پارێزگای بەلوچستان، هەوڵیاندا بچنە ناو مزگەوتەكەوە، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی خۆبەخشی مزگەوتەكەوە ڕێگرییان لێكرا.
هاوكات، لەگەڵ بەردەوامی گەمارۆدانی ئەو مزگەوتە، مەولەوی عەبدولغەفار نەقشبەندی، پێشنوێژی مزگەوتی گەورەی ڕاسك، لە تویتێكدا هۆشداری بە دەسەڵاتدا و ڕایگەیاند، مزگەوتی مەكیی دڵی سوننەكانی ئێران و هەر جۆرە مامەڵەیەكی لەو چەشنە ئەگەری هەیە دەرگا بەڕووی ڕووداوی نەخوازراودا بكاتەوە و ئەگەر سەربازەكان دوورنەخرێنەوە، دوور نییە فەتوایەكی مێژوویی دەربكەن.
بە پێی وتەی چالاكوانانی بەلوچ و بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی بڵاوكراونەتەوە، نیشانشكێنەكانی سوپای پاسداران لە سەر بیناكانی دەوروبەری مزگەوتەكەوە جێگیركرابوون و چەندی كەسیش لە دەوروبەری مزگەوتەكە لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە بە لێدان دەستگیركرابوون.
هەر لە پێناو ڕێگریكردن لە بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان، هەلیكۆپتەرەكانی سوپای پاسداران بە سەر زاهیداندا دەسوڕانەوە و هێڵەكانی ئینتەرنێتیش لەو شارە ڕاگیرابوون.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕێكارانە، خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی بەلوچ بەڕێوەچووەوە و تێیدا دژی دەسەڵات دروشم وترایەوە و داوای ئازادكردنی زیندانیانی سیاسی كرا.
لە وتاری نوێژی هەینیشدا، مەولەوی عەبدولحەمید ئیسماعیل زەهی، پێشنوێژی مزگەوتی مەكیی و كەسایەتی دیاری سوننەكانی ئێران، ئاماژەی بە ڕووداوەكانی هەینی خوێناوی زاهیدان كرد و وتی :لەو ڕۆژەدا لە چوارلاوە مزگەوتەكەیان دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و زیاتر لە ١٠٠ كەس لەوانە ١٨ منداڵ كوژراون، ٣٠٠ كەس برینداربوون، كە تائێستاش ٨٠ كەسیان لە نەخۆشخانەن و ١٧ كەسیش، بە هۆی بەركەوتنی فیشەكەوە توانای بینینیان لەدەستداوە.
مەولەوی عەبدولحەمید داواشی لە دەسەڵاتداران كرد، كە لە بری زیندانیكردنی خەڵك، دەستبەرداری دەسەڵات ببەن و ڕێگە بدەن خەڵك بڕیار لە چارەنوس و سیستمی سیاسی وڵاتەكە بدەن.
ڕۆژی ٣٠ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، لە ڕۆژانی سەرەتای دەستپێكردنی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی لە شاری زاهیدان لە دژی دەستدرێژی ئەفسەرێكی باڵای پۆلیس، بۆ سەر كچێكی مێرمنداڵی بەلوچ، خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، بەڵام هێزەكانی سوپای پاسداران دەستڕێژی گولـلەیان لە خۆپیشاندەران كرد و زیاتر لە ١٠٠ خۆپیشاندەریان كوشت، ئەو ڕۆژە بە هەینی خوێناوی ناسراوە و لەو ڕۆژە بەدواوە، هەموو ڕۆژانی هەینی خۆپیشاندان لە زاهیدان و چەند شاریكی دیكەی بەلوچستان بەڕێوەدەچێت.