شەنگال – “ئۆپراسیۆنی تۆڵەسەندنەوە” لە شنگال، وەک باهۆزێک هەڵیکردو تۆڕی سیخوڕی میت و پاراستنی لە ناو ئێزیدییەکاندا پێچایەوە، ئەم تۆڕە هاوبەشەی پەدەکە و دەوڵەتی تورک، لە ئەنقەرەوە فەرمانی وەردەگرت و لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکارییان دەکرد و هێرشەکانیان لە ناو خۆبەڕێوەبەری شەنگالدا ئەنجام دەدا.
پەدەکە لە دوای هەڵهاتنی لە شنگال و جێهێشتنی ئێزدییەکان لە بەردەم کۆمەڵکوژی چەتەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، جارێکیتر نەیتوانی بگەڕێتەوە و گەل نەیهێشت پێ بخەنەوە ناو شەنگال، بۆیە بە هاوکاری میت و پاراستن تۆڕی سیخووڕییان دروستکرد، بۆ چاندنی تۆوی خیانەت و سیخووڕی لە ناو ئێزیدییەکاندا، لە ساڵی ٢٠١٧وە بۆردوومان و تەقینەوە و شەهیدکردنی پێشەنگانی ئێزیدی و ناوەندەکانی خۆبەڕێوەبەری هەمووی لە ڕێگای ئەم تۆڕە کراوە.
لە ٢٤ی مانگی ڕابردوودا بۆ ڕایگشتی ئاشکرابوو، کە یەکە تایبەتەکانی یەبەشە و هێزە ئەمنییەکانی شنگال بە ناوی “ئۆپەراسیۆنی تۆڵەکردنەوە” هەڵمەتێکیان لە دژی تۆڕە سیخوڕییەکانی میت و پاراستن دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا بەشێک لە سیخوڕانی ئەم تۆڕە دەستگیرکراون.
تۆڕی هاوبەشی میت و پاراستن لە کێ پێکدێن؟
ئەم تۆڕە لە دوو گرووپ پێکدێن، گرووپەکەی میت سێ کەسن، بەناوەکانی سەلما، باران و تەکین، گرووپەکەی پاراستنیش پێکدێن لە دوو کەس بە ناوەکانی نەقیب شێرکۆ کە ناسراوە بە شێرۆ و ساڵح، ئەم دوو گرووپە تۆڕێکی هاوبەشی سیخوڕییان لە شەنگال و لەناو ئیزیدییەکان دروستکردبوو، لەدژی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و فەرماندە و پێشەنگەکانی ئێزیدی.
میت و پاراستن بە کردەیی لەساڵی ٢٠١٧وە دەستبەکاردەبن لەناو ئێزیدییەکان و کەلتوری سیخوڕی پێشدەخەن لەبەرامبەر بڕێک پارەی کەم، یەکەم ئێزیدی کە دەکەوێتە ناو ئەم تۆڕەوە هاوڵاتییەکی خەڵکی خانەسۆرە بەناوی فەیسەڵ جونۆ قاسم، کە بە ئەبو قاسم دەناسرێت، لەساڵی ٢٠١٧ لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچنە تورکیا و لەوێ لە ناو دەزگای سیخوڕی میت پەروەردە دەکرێت، دواتر لەدژی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان کار بۆ میت دەکات و ناوی خۆی دەکات بە شۆڕش.
قاسم بۆ ڕاوکردنی ئێزیدییەکان بۆ ناو تۆڕە سیخوڕییەکە، بە هاوکاری پاراستنی پەدەکە دەست بە یارییەک دەکات، سەرەتا دەربارەی ئەحمەد نەسرەدین قاسم کە ئامۆزای خۆیەتی، زانیاری دەدات بە بەرپرسێکی پاراستنی پەدەکە لە ئاسایشی دهۆک بەناوی شێرکۆ، بۆ ئەوەی دەستگیریبکەن و بیکەن بە ئەندامی تۆڕە سیخوڕییەکەیان.
ئەحمەد وەک نەخشەی بۆ کێشراوە لە ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە دەستگیردەکرێت و ناسنامەکەی لێ دەستێنن، بۆ هێنانەوەی ناسنامەکەی دەچێتەوە بۆ ئاسایشی دهۆک، لەوێدا نەقیب شێرۆ پێشوازی لێدەکات و داوای کاری سیخوڕی لێدەکات، ئەحمەدیش قبووڵی دەکات و دەستبەکاردەبێت، سەرەتا لەسەر فەرماندەکانی یەبەشە و کۆمەڵگای ئێزیدی کاردەکات، بەتایبەت لەسەر مام زەکی شەنگالی و زەردەشت شەنگالی و سۆزدا ئاڤێستا و مەزلوم ڕۆز.
لەساڵی ٢٠١٨ ئەحمەد بۆ ئەوەی بتوانێت بچێت بۆ تورکیا پاسپۆرت دەردەکات و ١٥٠٠دۆلار لە شێرۆ وەردەگرێت بۆ کڕینی ڤیزا، لە تورکیا لەگەڵ دوو ئەندامی میت بە ناوەکانی باران و موراد چاوپێکەوتن دەکات، سەرەتا ئەحمەد لەڕێگای پاراستنەوە میت دەناسێت و دواتر لەناو شەنگالدا گرووپێکی سیخوڕی دروست دەکات.
یەکێکیتر لە ئەندامانی تۆڕەکە، حەجی نایف پاچۆیە ناسراو بە شێخ حەجی، خەڵکی خانەسۆرە و ئێزیدییە، ماوەیەک بە کۆدی کاوە لە ناو یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگالدا بووە، دوای هەڵهاتنی لەناو یەبەشەدا پەیوەندی دەکات بە قاسم شەشۆوە، لەدژی ئەندامانی یەبەشە دەستبەکاردەبێت، لەساڵی ٢٠٢١ دەچێتە تورکیا، لەوێ لەلایەن میتەوە پەروەردە دەکرێت و دەستبەکاردەبێت.
شێخ حەجی لە ڕێگای تەلەفۆنکردن بۆ ئەندامانی یەبەشە و خۆبەڕێوەبەری شنگال، داوایان لێدەکات بۆ میت کاربکەن و بە هەڕەشەی کوشتن و پێشنیاری پارە هەوڵی خەڵەتاندنی خەڵکی ئێزیدی دەدات.
دواتر ئەحمەد لە ساڵی ٢٠٢٠ لە ڕێگای پاراستنەوە سەعد جاسم موراد دەهێنێتە ناو تۆڕە سیخوڕییەکەوە، کە خەڵکی خانەسۆرە و ئەندامی ئاسایشی ئێزیدخانە و شۆفێری تایبەتی زەهرا سلێمانە ئەندامی بەڕێوەبەریی تۆڕی هاوکاریی ژنانی ئێزدی.
لە ڕێگەی سەعدیشەوە فازل جەمیل موراد کە ئامۆزای خۆیەتی لەگەڵ سەڵاح بەرجەس سلێمان، کە خەڵکی خانەسوورە و ئەندامی ڕاگەیاندنی گشتی شنگالە دێنە ناو تۆڕەکەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧وە تا ڕۆژی دەستگیرکردنی ئەم تۆڕە سیخووڕییە، هەموو هێرش و بۆردوومان و تەقینەوەکانی شەنگال و شەهیدکردنی فەرماندە و پێشەنگەکانی ئێزیدی، بە فەرمانی میت و پاراستن و لە ڕێگای ئەمانەوە بووە.