ناوەندی هەواڵەکان – هاوكات لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەكان و چالاكییەكانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی هێزەكانی دەوڵەتی ئێران لە هەوڵی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێن لە شوێنە گشتییەكان.
هەرچەندە ١٦٢ ڕۆژ، بەسەر ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە، كە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لە دوای كوژرانی كچە كورد، ژینا ئەمینی دەستیپێكرد، تێدەپەڕێت، بەڵام سەرباری زەبر و زەنگ و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لەلایەن دەوڵەتی ئێران، هێشتا ناڕەزایەتییەكان بە شێوازی جیاجیا بەردەوامن.
لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ، لە گۆڕستانی بەهەشتی محەمەدی شاری سنە، سەدان كەس لە چالاكوانان و دانیشتوانی شارەكە لە سەر گڵكۆی گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادیی” كۆبوونەوە و پەیمانیان لەگەڵ ئامانجەكانیان نوێكردەوە و دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە.
لە مەراسیمەكەدا، كە ژمارەیەكی بەرچاو لە ژنان تێیدا بەشداربوون، گوڵ لەسەر گڵكۆی گیانبەختكردووان داندرا و بێ وچان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی و نەمان بۆ دیكتاتۆر وترایەوە.
هەر دوێنێ، لە شاری چالووسی باكوری ئێران، بنەماڵەی ئەمیر حسێن ناتری و چالاكوانانی شارەكە بەنیازبوون، ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی لەدایكبوونی ئەو گیانبەختكردووەی سەرهەڵدانەكە لە سەر گۆڕەكەی بەڕێوەببەن، بەڵام هێزەكانی ئیتلاعات باوك و دایكی-یان بانگهێشت كرد و لە ژێر هەڕەشەدا مەراسیمەكەیان پێهەڵوەشاندنەوە.
سەبارەت بە پارێزگای سیستان و بەلوچستانیش دوێنی بڵاوكرایەوە، یەكێك لە دەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكانی ئەو شارە بە ناوی ئیبراهیم ڕیگی، كە پیشەی پزیشك بووە و بە بارمتە ئازادكرابوو، دوای سەرلەنوێ دەستگیركردنەوەی لە بنكەی پۆلیس لە ئەنجامی ئەشكەنجە و لێدان گیانی لەدەستداوە.
هەر لە زاهیدان و هاوشێوەی ڕۆژانی هەینی پێنج مانگی ڕابردوو، ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە دوای نوێژی هەینی بەردەوامبوو، لای خۆشیەوە دەسەڵات لە ڕێگە زیادكردنی هێز و دانانی خاڵی پشكنین لەناوەوە دەرەوەی ئەو شارە و چەند قەزایەكی دیكەی بەلوچستان لە هەوڵی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێپێوان و ناڕەزاییەتیدایە.
هاوكات لەگەڵ بەردەوامی ئەو چالاكی و ناڕەزایەتییانە، هێزەكانی سەر بە دەسەڵات هەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی لە شەقام و شوێنە گشتییەكان حیجابی زۆرەملێ بسەپێنن.
لەو چوارچێوەیەشدا هێزەكانی بەسیج لە شاری ئیسلامشەهر، هێرشیان كردە سەر پەیمانگایەكی فێربوونی زمان و بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە حیجاب پەلاماری كچە خوێندكارەكانیان دا و دوو كچی مێرمنداڵیان دەستگیركرد.
بنەماڵە و كەسوكاری خوێندكارەكان لە بەردەم ئەو پەیمانگایە كۆبوونەوە و دژی دەسەڵات و هێزەكانی بەسیج دروشمیان وتەوە.
هاوكات لە پارێزگای مازندەرانی باكووری ئێران، كە شوێنێكی گەشتیارییە بەرپرسانی پارێزگاكە ڕایانگەیاندووە، كە لە ئێستاوە لە ڕێگەی چەندین لیژنە و تیمی گەڕۆكەوە هەوڵ دەدەن، ڕێگریی بكەن لە لابردنی حیجاب لە كاتی پشووەكانی نەورۆزدا.