گەرمیان – لەسنوری گەرمیان، بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، سێ کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بەڕێوەدەجێت و ماوەی چەند رۆژێک دەخایەنێت، داواش دەکەن گەلی باشوور بەدەم بانگەوازییەکانیانەوە بڕۆن و هاوکاری پارچەکانی دیکە بکرێت.
ئەمڕۆ، لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، سێ کەمپینی هاوکاری جیا جیا، بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، بەپێشەنگایەتی چالاکوانان، وڵاتپارێزان، ژنان و گەنجان ئەنجامدرا.
کەمپینی ئەنجومەنی هاوکاری گەرمیان، لەناو بازاڕی کەلار سندوقی هاوکارییان دانا و نیاز مەحموود، یەکێک لەڕێکخەران بۆ ڕۆژنیوز وتی: بۆ ئەوەی پشتیوانییەکانمان دووپاتبکەینەوە، کەمپینی هاوکاریمان ڕاگەیاندووە، پێویستە ئێمە هاوکاری یەکتربکەین، چونکە ئەم ئەزموونە نوێ نییە بۆ کورد، لەوەتەی کورد هەیە ئەم ئەزموونانە دووبارە دەبێتەوە، ڕاگەیاندنی ئەم کەمپینانەش لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوور دووپاتکردنەوەی یەکڕیزی و هاودەنگبوونە، لەگەڵ پارچەکانی دیکەدا.
نیاز جەختی لەوەشکردەوە، زیاتر پێویستییان بە پارەیە چونکە ئاسانتر دەگاتە شوێنی مەبەست، بەڵام خۆراک و جلوبەرگ ئاستەنگی زیاتری بۆ دروستدەبێت.
داواش دەکەن لەتەواوی خەڵکی باشوور بەدەم بانگەوازییەکەیانەوە بچن و وتی: پێویستە گەلی باشوور هاوکاری پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن، دەبێت وەکو ئەوە سەیر بکرێت بەسەر هەمووماندا کارەسات ڕوویداوە.
هاوکات بەشێک لەڕێکخراوەکانی گەرمیان بەدروشمی (گەرمیان هەمیشە پشتیوانی لێقەوماوانە) لەبەردەم ماڵی حاجی ئاهو چادریان هەڵدا، لەسەر ناوی کەمپینەکە هۆگر موکەڕەم، یەکێک لەڕێکخەرانی کەمپینەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: کەمپینەکەمان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، جلوبەرگ و خواردن و پارە وەردەگرین، داواکاریشین لەخەڵکی گەرمیان بەدەم بانگەوازییەکەمانەوە بێن و برا و خوشکەکانمان لەباکوور و ڕۆژئاوا لەنەهامەتی دەربکەین.
هەروەها، ڕێکخراوانی( ڕابیتە، هانا، بەختەوەری) بەهەمانشێوە لەبەردەم بارەگای یەکگرتوو، بەمەبەستی کۆکردنەوەی هاوکاری چادریان هەڵدا.